بایدن: ھەڕەشەکانی پوتن بۆ بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی گاڵتە نین

2022-10-07   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەبارەت بە ھەڕەشە ئەتۆمییەکانی ڤلادمیر پوتن سەرۆکی روسیا، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پوتن گاڵتە ناکات و واشنتۆن ھەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر دەدات.

"بایدن" لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ دیموکراتییەکان لە نیویۆرک رایگەیاند، ھەڕەشەکانی پوتن بۆ بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی یاخود کیمیایی و بایۆلۆجی لە ئۆکراین گاڵتە نین، چونکە سوپاکەی لاوازە.

وتیشی، ئەو ھەڕەشانە مرۆڤایەتی رووبەرووی مەترسی کۆتاییھاتنی جیھان دەکاتەوە و  ئەوەی لەئێستادا تێیدا دەژین مەترسیدارترین رەوشە و لەدوای قەیرانی مووشەکەکانی کوبا، جیھان روبەڕووی ھەڕەشەی لەو جۆرە نەبووەتەوە. 

پێشتریش "بایدن" رایگەیاندبوو کە بە دووری نازانێت لە لوتکەی ٢٠ لە ئیندۆنزیا چاوی بە ھاوتا روسییەکەی بکەوێت، بەڵام کۆشکی سپی پێچەوانەی "بایدن" چەندینجار باسی لەوە کردووە، کە لەئێستادا ھیچ ئاماژەیەک نییە کە روسیا چەکی ئەتۆمی لە جەنگی ئۆکراین بەکاربھێنێت.