سیناتۆرێکی ئەمریکا دەڵێت، کورد ھاوپەیمانێکی ئەمریکایە و نابێت رێگە بدرێت ئێران ھێرشی بکاتە سەر و بۆردومانی خاکەکەی بکات.
کریس ڤان ھۆڵن ئەندامی دیموکراتەکان لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا رایگەیاند، ھێرش و بۆردومان و تۆپبارانەکانی ئێران لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەڕەشەیەکی مەترسیدارە و ھەنگاوێکیشە بەرەو تێکچوونی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی ناوچەکە بە گشتی و عێراق و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی، بەڵام ئەمریکا و حکومەتی عێراق وەک پێویست وەڵامی ئێرانیان نەداوەتەوە.
وتیشی، کورد ھاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە و نابێت ئەمریکا رێگەبدات ئێران بەو ئاسانییە و بەبێ ھیچ ترسێک رۆژانە بۆردومان و تۆپبارانی بکات و سنور و خاک و سەروەرییەکەی ببەزێنێت و پێشێلیان بکات.