وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بە سەر دوو وەزیری ئێراندا سەپاند

2022-10-06   |  
فۆتۆ: 
ڕێبوار
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر وەزیرانی ناوخۆ و پەیوەندییەکانی ئێراندا سەپاند، رێکخراوی لێبوردنی نێودەڵەتیش دەڵێت لە خۆپیشاندانەکانی شاری زاھیدان ٨٢ کەس گیانیان لەدەستداوە.

خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی سێ ھەفتەیە بەردەوامە و بەپێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش، لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تائێستا زیاتر لە ١٥٠ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٢٣یان کوردن.

ھەروەھا رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاشکرایکرد، لە خۆپیشاندانەکانی شاری زاھیدان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان ٨٢ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٦٦ کەسیان لە ھەینی رابردوودا بووە.

بەرامبەر بەکارھێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران و راگرتنی ئینتەرنێت، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر ھەریەکە لە ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆ و عیسا زارێعپور، وەزیری پەیوەندییەکانی ئێراندا سەپاند.

جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندوە، بەرپرسە سزادراوەکان سامانەکانیان لە ئەمریکا بلۆک دەکرێت و رێگەیان پێنادرێت بگەنە  سیستمی دارایی نێودەوڵەتی.