کەناڵێکی سویدی بە کوردی پەخش دەکات و تورکیا نیگەران دەکات

2022-10-06   |  
فۆتۆ: 
فەرهەنگ
کەناڵی ئێس تی ڤی سوید بۆ ماوەی زیاتر لە دوو خولەک بەرنامەکەی بە زمانی کوردی پەخش کرد.

بەرنامەی تەنزئامێزی ھەفتانەی سویدیش نیوز، ھاوشێوەی بەرنامەی گفتوگۆی ئەمریکی، گاڵتە بە سیاسەتمەداران و کەسایەتییەکانی سەرتاسەری جیھان دەکات. 

لە زنجیرەی ئەم دواییەی بەرنامەکەدا کە ناوی "ڤیتۆ تورک" بوو، میوانداری کادر مێراڵی کرد، کە تەنزنووسێکی کوردە و لە بەرنامەکەدا دوو خولەک نمایشێکی بە زمانی کوردی پێشکەش کرد.

لە بەرنامەکەدا مێرال، ئەردۆغان بە "گەمژە" ناودەبات و دەڵێت بژی دیموکراسی، پاشان ئاڵای کوردستان لەلای چەپی پیشان دەدات و بە مۆسیقای نەریتی کوردیی شمشاڵ و تەپڵ کۆتایی بە بەرنامەکەی دەھێنێت.

بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی میدل ئیست ئای، تورکیا بە فەرمی گلەیی لە سوید کردووە لەسەر ئەو بەرنامەیە. کوردسات نیوز زانیویەتی، رۆژی چوارشەممە وەزیری دەرەوەی تورکیا سکاڵایەکی رادەستی باڵیۆزی سوید کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وتویەتی، ناکرێت ئەو لێدوانانە وەک بەشێک لە ئازادی رادەربڕین تەماشا بکرێن.

ڕۆژنامەی سەباحی لایەنگری ئەردۆغان، ئەو بەرنامەیەی بە "شەرمەزاری بۆ تەلەفزیۆنی سوید" ناوبردووە.

ئاژانسی ئەنادۆڵ نووسیویەتی "ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ستافان ھێرسترۆم باڵیۆزی سویدی لە ئەنقەرە بانگھێشت کردووە، بەھۆی پەخشێک لە تەلەفزیۆنی سوید (SVT) کە لێدوان و وێنەی سووکایەتی لە دژی تورکیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بڵاوکردووەتەوە". 

ڕۆژنامەی ئێکسپرێسنی سویدی بڵاویکردووەتەوە، ئیبا ئەدیلسۆن، دەرھێنەری بەرنامەکەی تەلەڤزیۆنی SVT سویدی نایەوێت بە تایبەتی لێدوان لەسەر ئەو ڕەخنانەی تورکیا بدات، بەڵام دەڵێت کە لە داھاتوودا کاریگەری لەسەر ناوەڕۆکی بەرنامەکە نابێت.
چالاکوانێکی کورد بە کوردساتی ئینگلیزی وت، کوردێکی زۆر لە سوید دەژین و کوردەکان ئەندامێکی زۆریان لە مەجلیسی نیشتمانی سوید ھەیە و چەندین پۆستی باڵایان لە حکومەتدا ھەیە، بێبەشکردنی کورد ھەمان ماف لە ھاوڵاتیانی دیکەی سویدی دادپەروەرانە نییە.