حکومەتی ھەرێم: دەبێت ٧٥٪ دەستی کار لە پڕۆژەکاندا بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بن

2022-10-06   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بریارێک لەبارەی مسۆگەرکردنی مافی کار بۆ ھاوڵاتیان دەردەکات و جەختدەکاتەوە لە پڕۆژەکانی بازاڕ و کەرتی تایبەت و پڕۆژە ھاوبەشەکانی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت ئەولەوییەت بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بێت و لایەنی کەم ٧٥٪ دەستی کار لە پڕۆژەکاندا بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێم بن.

لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھاتووە، نابێت خاوەنکار لە پیشە و پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت و پڕۆژە ھاوبەشەکانی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت ھیچ کەسێکی بیانی بخاتە کار ئەگەر رەزامەندی کارکردنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵاتی بەدەست نەھێنابێت، بەپێچەوانەوە رێکاری یاسایی لەبەرمبەر دەگیرێتەبەر.

جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی دەبێت خاوەنکار لە پیشە و پڕۆژەکانی بازاڕ و کەرتی تایبەت و پڕۆژە ھاوبەشەکانی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت ئەولەوییەت بە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بدەن بۆ پڕکردنەوەی دەرفەتەکانی کار لە ھەرێمی کوردستان بە جۆرێک پابەندن بە لایەنی کەم ٧٥٪ دەستی کاری پیشە لە پرۆژەکانیان لە ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بن نابێت بیانی لە ھیچ حاڵەتێکدا لە رێژەی ٢٥٪ ھێزی دەستی کاری پیشە و پڕۆژەکان تێپەڕ بکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە لەسەر وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی بڕگەکانی بڕیارەکە دەربکات بە ھەماھەنگی وەزارت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت بەپێی تایبەتمەندی.