بۆ ١٣ ھەمین رۆژ لەسەریەک، تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران سنوری برادۆستیان تۆپباران کردەوە، ئەوەش وایکردووە دانیشتووانی ھەشت گوندی سنورەکە نەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە بەردەوامیی تۆپبارانەکانی ئێراندا، بەیانی ئەمرۆ تۆپخانەکانی ئێران ناوچەکانی " ناوروبارا و گواراسایە و گوندی کەتینە"ی سنوری برادۆستیان تۆپباران کردووە.
وتیشی، تۆپبارانەکانی ئێران ترس و دڵەڕاوکێی خستووەتە ناو خەڵکەوە و زیانی زۆریش بەر رەز و باخی ھاوڵاتیان کەتووە.
لە ماوەی ١٣ رۆژی رابردوودا، ئێران بە بەردەوامی ھەشت گوندی سنوری برادۆستی تۆپباران کردووە کە بەو ھۆیەوە دانیشتوانی ئەو گوندانە ئاوارەبوون و ھاوکات نزیکەی ٥٠٠ جوتیاری سنورەکەش زیانی ماددیان پێگەیشتووە و ناتوانن بچنە سەر کێڵگە و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان، دوو خوێندنگەش داخراون و زیاتر لە ٥٠ خوێندکاریش لە خوێندن دابڕاون .