خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە شارەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان فراوانتر دەبن

2022-10-05   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی زیاتر لە ٢٠ رۆژە لە شارەکانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بەردەوامە و تا دێت فراوانتر دەبن.

خۆپیشاندانەکان چەندین زانکۆی شارە جیاوازەکانی گرتەوە، بەشێوەیەک خوێندکارانی چەندین زانکۆ لە شارەکانی نەجەف ئاباد و زنجان و بەندەرعەباس و مەشھەد و تاران گردبوونەوە و دروشمی "ئازادی"یان بەرزکردەوە. بەشێک لە خوێندکارانیش دەیانوت زانکۆکان بوونەتە زیندان. 

ھاوکات رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویکردەوە، سێ خوێندکاری زانکۆی رازی لە کرماشان دەستگیرکراون. 

بەپێی دوایین ئاماری رێکخراوی ھەنگاو، ژمارەی گیانلەدەستدانی خۆپیشاندانەکان لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بۆ ٢٣ کەس بەرزبووەتەوە و پێشبینیشدەکرێت روو لە بەرزبوونەوەی زیاتر بکات.