پۆچیتینۆ: دوو گۆڵەکەی مان سیتی بە رێکەوت بوو

2021-04-29   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ماوریسیۆ پۆچیتینۆی راھێنەری پاریس سان جێرمان پێی وایە تیپەکەی لە یارییەکە بەشێوازێکی زۆر جیاواز لە دوو گێمی یارییەکە دەرکەوتووەو دوپاتیشی کردەوە ھەردوو گۆڵەکەی مان سیتی بە رێککەوت بووە.

پۆچیتینۆ دوای یارییەکە وتی: ئەو دوو گۆڵە ھەموو شتێکی گۆڕی، پێم وایە یارییەکە پڕ رکابەری بوو کە ھەردوو تیپ دەیانتوانی براوەبن، لە گێمی یەکەم بەرامبەر بە تیپێکی وەکو مان سیتی زۆر باش یاریمان کرد، لە ١٥ دەقیقەی گێمی دووەمیش باش بووین، بەڵام لە کۆتایی دۆڕاین و ھەست بە دڵتەنگی زۆر دەکەین، پێویستە بچین بۆ مانچستەر بۆ ئەوەی براوەبین.

وتیشی: بەدڵنیاییەوە قورس دەبێت بە جیاوازی دوو گۆڵ براوەبین، بەڵام پێویستە باوەڕمان بەوە ھەبێت، کە دەتوانین ھەموو شتێک بکەین، مان سیتی تیپێکی زۆر باشە بەڵام ئێمەش یاریزانی بەھرەمەندمان ھەیە، ئەم یارییە بۆ ئێمە بە ئازار بوو بەتایبەت بەو شێوەیەی گۆڵەکانمان لێکرا، پێویستە گەشبین بین و پێم وایە دەتوانین بگەینە یاری کۆتایی.

سەبارەت بە دوو گۆڵەکەی مان سیتی پۆچیتینۆ وتی: ھەردوو گۆڵەکە بە رێککەوت بوو، راستە ھەلی زیاتریان لە ئێمە ھەبوو بەڵام نەدەبوو بەو شێوەیە گۆڵمان لێبکرێت، بەتایبەت لە یارییەکە ھەر تیپە و گێمێک باشتر بوو، بەڵام ئەوان لە رووی جەستەیی زۆر باشتر بوون.