ئێران و ئەمریکا ئاڵوگۆڕی زیندانیان دەکەن

2022-10-02   |  
فۆتۆ: 
ئایار
ئێران و ئەمریکا زیندانی ئاڵوگۆڕ دەکەن، میدیاکانی ئێرانیش دەڵێن، ملیاران دۆلاری بلۆککراوی ئێران، نزیکن لە ئازادکردن.

ئاژانسی ھەواڵی نور نیوزی ئێرانی بڵاویکردووەتەوە، بە نێوەندگیریی وڵاتێکی ناوچەکە، ئێران و ئەمریکا ژمارەیەک زیندانی ئاڵوگۆڕ دەکەن و لە چەند ھەفتەی رابردووشدا، دانوستانی چڕ بە نێوەندگیریی وڵاتێکی ناوچەکە لە نێوان ئەو دوو وڵاتە بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان بەڕێوەچووە، ئاماژە بەوەشکراوە، ملیاران دۆلاری ئێرانی، کە بەھۆی سزاکانی ئەمریکاوە بلۆککراون، نزیکن لەوەی ئازاد بکرێن.

رۆژی شەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "سیامەک نەمازی" سەرمایەداری ئەمریکی بە رەگەز ئێرانی، کە نزیکەی حەوت ساڵە لە ئێران دەستبەسەرکراوە، بڕیاری ئازادکردنی کاتی بۆ دەرچووە و حکومەتی ئێران بڕیاریداوە بۆ ماوەی یەک ھەفتە ئازاد بکرێت.

سیامەک نەمازی سەرمایەدارێکی ئەمریکیە و لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥ لە ئێران دەستگیرکرا و بەتۆمەتی ھاوکاریکردنی وڵاتانی تر، سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچوو.