سوپای ئۆکراین شاری لیمانی لە دۆنێتسک کۆنتڕۆڵکردەوە

2022-10-02   |  
فۆتۆ: 
ئایار
سوپای ئۆکراین شاری"لیمان"ی لە ھەرێمی دۆنێتسک کۆنترۆڵکردەوە، کە ئەو شارە ھەفتەی رابردوو لە چوارچێوەی راپرسی چوار ھەرێمەکەی ئۆکراین، خرایە سەر روسیا.

وەزارەتی بەرگریی روسیا بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە ھێزەکانیان بەھۆی مەترسی گەمارۆدان، لە شاری لیمان کشاونەتەوە، چونکە سوپای ئۆکراین ھێزێکی زۆری بە ئاڕاستەی ئەو ناوچەیە جوڵاندووە، لە بەرامبەردا وەزارەتی بەرگری ئۆکراین رایگەیاند، ھێزەکانیان چوونەتە ناو شاری لیمانی سەر بە ھەرێمی دۆنێتسک لە رۆژھەڵاتی وڵات و شارەکەیان کۆنترۆڵکردووەتەوە.

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین لە کاردانەوە بەرامبەر کۆنترۆڵکردنەوەی شاری لیمان رایگەیاند، جەنگ  بەردەوامە و سوپای ئۆکراین ئامادەیە لە ھەفتەکانی داھاتوو ناوچەکانی تری ھەرێمی دۆنێتسک کۆنتڕۆڵ بکاتەوە، زیلینسکی بەڵێنیشیدا، ناوچەکانی ھەرێمی دۆنباس کۆنترۆڵ بکەنەوە.

شاری "لیمان" لە ھەرێمی دۆنێتسک بە ناوچەیەکی ستراتیژیی دادەنرێت، رۆژی ھەینی رابردوو و لە چوارچێوەی ئەنجامی راپرسییەکان بۆ لکاندنی چوار ھەرێمی ئۆکراین بە خاکی روسیا، شارەکە وەک بەشێک لە خاکی روسیا ناسێندرا.