لە ٢١ شاری رۆژھەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتی راگەیەندرا

2022-10-01   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لە زیاتر لە ٢٠ شاری رۆژھەڵاتی کوردستان، مانگرتنی گشتی دژی بۆردومانەکانی ئێران لە ھەرێمی کوردستان بۆ سەر حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان راگەیەندرا.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە لە شارەکانی "ئورمیە و شنۆ و نەغەدە و بۆکان و مەھاباد و پیرانشار و سەردەشت و سەقز و مەریوان و سنە و بانە و چەندین شاری تر"، مانگرتنی گشتی راگەیەندراوە و بەشێکی زۆری ھاووڵاتیان و کاسبکاران پەیوەستبوون بە مانگرتنی گشتی و دوکان و بازاڕەکان داخراون.

مانگرتنی گشتیی ھاووڵاتیان لە رۆژھەڵاتی کوردستان، لەسەر داوای ناوەندی ھاوکاریی حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستانە، کە داوای لە خەڵک کرد مانگرتنی گشتی رابگەیەنن، بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان و دەربڕینی ناڕەزایی لە دژی ھێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران، بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان.

مانگرتنی گشتیی لە رۆژھەڵاتی کوردستان، ھاوکاتە لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران، دژی رووداوی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کە نزیکەی دوو ھەفتەیە دەستیان پێکردووە و بەردەوامن.