سوپای ئۆکراین زیاتر لە ٥٠٠٠ سەربازی روسیا گەمارۆ دەدات

2022-10-01   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سوپای ئۆکراین زیاتر لە ٥ ھەزار سەربازی روسیا لە شاری لیمانی ھەرێمی دۆنێتسک گەمارۆ دەدات، ھێزەکانی روسیاش بەڕێوەبەری وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا دەستگیردەکەن.

(سێرھی شیریفاتی) سەرۆکی ئیدارەی سەربازی ئۆکراین لە ھەرێمی لۆھانسک رایگەیاند، ھێزەکانیان نزیکەی ٥ ھەزار و ٥٠٠ سەربازی روسیایان لە دەوروبەری شاری لیمانی ستراتیژی لە ھەرێمی دۆنێتسک گەمارۆداوە، وتیشی، ژمارەیەک لە سەربازەکانی روسیا خۆیان رادەستکردووە و باسیان لەوەکردووە ژمارەیەکی زۆر کوژراو و بریندار لە نێو گەمارۆدراوەکانن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ھێزە گەمارۆدراوەکەی روسیا چەند ھەوڵێکیان داوە بۆ شکاندنی گەمارۆکە بەڵام شکستیان ھێناوە.

لەلایەکی ترەوە، (پیترۆ کۆتین) سەرۆکی کۆمپانیای نیشتمانی وزەی ئەتۆم لە ئۆکراین ئاشکرایکرد، ھێزێکی روسیا (ئیگۆر مۆراشۆڤ) بەڕێوەبەری وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیایان دەستگیرکردووە و ئەوەش سەلامەتی گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی لە ئۆکراین و ئەوروپا دەخاتە مەترسییەوە.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش داوای لە روسیا کرد لەبارەی ھۆکاری دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا روونکردنەوە بدات.