لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان مانگرتنی گشتی دەستیپێکرد

2022-10-01   |  
فۆتۆ: 
رێبوار
لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران مانگرتنی گشتی دەستیپێکرد و شەوی رابردووش خۆپیشاندانی بەرفراوان لە چەندین شوێن ئەنجامدرا.

لەسەر داوای ناوەندی ھاوکاری حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکان و دەربڕینی ناڕەزایی دژی بۆردومانەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر بارەگای حزبەکانی رۆژھەڵات لە ھەرێم و گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، ئەمرۆ مانگرتنی گشتی لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان راگەیەنرا. چالاکوانان و رێکخراوەکانی رۆژھەڵات داوا لە ھاووڵاتیانی رۆژھەڵات و ئێران دەکەن بەشداری مانگرتنەکە بکەن.

بە پێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانیش رۆژی ھەینی تاوەکو درەنگانێکی شەو خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان لە سنە و سەقز و کرماشان و ئەھواز و چەندین شاری دیکەی ئێران بەردەوامی ھەبووە و ھێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێسک رێژیان بەکارھێناوە و تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە.

حسێن مودەڕس پارێزگاری سیستان و بەلوچستان بە ئاژانسی ھەواڵی ئیرنای راگەیاندووە، لە خۆپیشاندانەکانی رۆژی ھەینی، ١٩ کەس لە زاھیدان گیانیان لەدەستداوە و ٢٠ی دیکەش برینداربوون کە بەشێکیان لە ھێزە ئەمنییەکانن.

سوپای پاسدارانی ئێرانیش لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە میانی خۆپیشاندانەکانی شاری زاھیدان و لە نزیک مزگەوتی (مەکی) شارەکە، عەلی موسەوی فەرماندەی ئیتلاعاتی سوپا لەناو خۆپیشاندەرانەوە تەقەی لێکراوە و کوژراوە.