تشرینییەکان ئامادەکاری بۆ خۆپیشاندان لە بەغداد دەکەن

2022-09-30   |  
فۆتۆ: 
ئایار
رەوشی ئەمنی شاری بەغداد ناجێگیرە و تشرینییەکان ئامادەکاری بۆ خۆپیشاندان دەکەن، بەوھۆیەوە رێکارە ئەمنییەکان توندکراونەتەوە و بە بەرستی کۆنکرێتی دەروازەکانی ناوچەی سەوز داخراون.

پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، ھێزێکی ئەمنی زۆر لە شەقام و گۆڕەپانەکانی تەحریر و نسوور بڵاوبوونەتەوە و سێ رۆژە پردەکانی کۆماری و سنەک بە کۆنکرێت داخراون و بەشێک لەو پردانەشی کە دەکەونە سەر رووباری دیجلە و ھەردوو بەری کەرخ و رەسافە لەیەکتر جیادەکەنەوە، ناو بە ناو دادەخرێن.

وتیشی، بە ھێزی ئەمنی و بەربەستی کۆنکرێتی سەرجەم دەروازەکانی ناوچەی سەوز داخراون و ھێز لە دەوروبەری ناوچەی سەوز جێگیرکراون و تادێت بەربەستەکانیش زیاتر دەکرێن، ھەموو ئەو رێکارانەش بۆ رێگریکردنن لە دروستبوونی ئاڵۆزی، بەتایبەت دوای ئەوەی تشرینییەکان ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی خۆپیشاندان دەکەن و بڕیاروایە سبەینێ کە ھاوکاتە لەگەڵ سێیەم ساڵیادی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی تشرین، لە شاری بەغداد خۆپیشاندان بکەن.