بڕیاری لێخۆشبوونی باج و رسومات لە سەر ١٤ ماددەی خۆراکی درێژکرایەوە

2022-09-30   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بۆ رێگریکردن لە بەرزبونەوەی نرخی خۆراک لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان، بڕیاری لێخۆشبوون لە باج و رسوماتی ١٤ جۆر ماددەی خۆراکی درێژکرایەوە.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵ حکومەتی ھەرێم باج و رسوماتی گومرگی لەسەر ١٤ جۆر ماددەی خۆراکی ھەڵگرت، بە تایبەت ئەو ماددانەی سەرەکین بۆ ھاووڵاتیان و پێداویستی رۆژانەی خەڵکن, ئەو بڕیارەش دوای بەرزبوونەوەی نرخی ئەو ماددە خۆراکییانە ھات بەھۆی شەڕی روسیا و ئۆکراین.

ھەروەھا لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا دوو جار بڕیارەکە درێژکرایەوە و لە گشاتاندنێکی نوێی بەڕێوەبەرایەتی گومرگی ھەرێمیشدا ھاتووە، لەسەر بڕیاری وەزیری دارایی و ئابووری، بڕیاردراوە بە درێژکردنەوەی ماوەی لێخۆشبوون لە ئەو ١٤ جۆر مادەی خۆراکییە تا کۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجوومەنی وەزیران، کە بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدرێت. 

ئەو ماددانەشی باج و رسوماتی گومرگیان لەسەر ھەڵگیراوە، پێکھاتوون لە زەیتی گوڵەبەڕۆژە و برنج و ئارد و شەکر و پاقلەمەنییەکان و چای ڕەش لەگەڵ شیری منداڵان و رۆنی بەستووی حەیوانی و رووەکی.