پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بۆردومانەکانی ئێرانەوە داوایەک لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات

2022-09-29   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی بۆردومانەکانی دوێنێی ئێران بۆ چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستان دەکات و داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، ئاستێک بۆ ئەم پەلامار و پێشێلکردنانەی خاک و سەروەریی عێراق و ھەرێمی کوردستان دابنێن.

دەقی راگەیەندراوەکە...

دوێنی ٢٠٢٢/٩/٢٨، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە چەندین مووشەک و درۆنی خۆکوژ، چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستانی لە سنووری پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی بۆردوومان کرد.
پێش چەند ڕۆژێکیش پەلاماری ھەندێ ناوچەی سنووری سیدەکان و دەڤەری برادۆستی دابوو.

لە ئەنجامی ئەم ھێرشە ناڕەوا و بۆردوومانە بێ پاساوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ژمارەیەک ھاووڵاتی شەھیدبوون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون. لەم پەلامارەدا چەندین ناوچەی سیڤیل و قوتابخانە و ماڵ کرابوونە ئامانج.

بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە، بە تووندی ئیدانەی ئەم ھێرش و پەلامارانە دەکەین و پێمان وایە لە ژێر ھەر بیانوو و پاساوێکدا ناکرێ پەنا بۆ تووندوتیژی و مووشەک و پەلاماری سەربازی و بۆردوومانکردن ببرێ.

پەرلەمانی کوردستان سوورە لەسەر ھەڵوێستە نەگۆڕەکەی خۆی بەوەی کە خوازیاری پەیوەندیی دۆستانەیە لەسەر بنەمای ڕێز و بەرژەوەندیی ھاوبەش و سەروەری و بنەماکانی دراوسێیەتیی باش و بەپێ یاسا و عورفە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ دراوسێکانیدا و پشتیوانیی ھیچ ھەوڵ و جووڵەیەکی نییە کە خاکی ھەرێمی کوردستان بۆ پەلاماری وڵاتان بەکار بھێندرێ. پێمان وایە چارەسەری سەربازی و ھێرش و پەلامار نەک کێشەکان چارەسەر ناکات و ڕیشەکێش ناکات، بەڵکو ئاڵۆزی دەکات.

پەرلەمانی کوردستان داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، ئاستێک بۆ ئەم پەلامار و پێشێلکردنانەی خاک و سەروەریی عێراق و ھەرێمی کوردستان دابنێن.
جارێکی دیکە، وێڕای نیگەرانیی قووڵمان و سەرکۆنەکردنی ئەو ھێرش و پەلامارانەی ئێران، پرسە و سەرەخۆشیی پەرلەمانی کوردستان ئاراستەی بنەماڵەی شەھیدەکان دەکەین و ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
٢٠٢٢/٩/٢٩