دادگای فیدراڵی عێراق داوادەکات بڕیارەکانی سەبارەت بە نەوتی ھەرێم جێبەجێبکرێن

2022-09-27   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق داوادەکات بڕیارەکان سەبارەت بە نەوتی ھەرێمی کوردستان جێبەجێبکرێن بەپێی بەرژەوەندی عێراق.

"جاسم محەمەد عەبود" سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رایگەیاند، ھیچ پێشنیازێکیان پێشکەشنەکردووە سەبارەت بە فراوانکردنی دەسەڵاتەکانیان، جەختیشیکردەوە لەوەی ھەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە، دەبێت سەرجەم دەسەڵاتەکان بەپێی دەستور کار بکەن. 

سەرۆکی دادگای فیدراڵی باسی لەوەشکرد، چەندین سکاڵا سەبارەت بە دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی کوتلەی سەدر ماوە و پێداچوونەوەیان پێدا دەکەن.

سەبارەت بە نەوتی ھەرێمیش وتی، داوایان لەلایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بەپێی بەرژەوەندی عێراق جێبەجێبکەن.

ئاماژەی بەوەشدا کە دەستەی چاودێری تائێستا نەیتوانیوە سنورێک بۆ گەندەڵی لە عێراق دابنێت، دانانی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی و راسپاردنی "ئیحسان عەبدولجەبار"یش بۆ سەرۆکایەتی کردنی بە نایاسایی ناوبرد.