قائیمقامییەتی سلێمانی: چەند ماددەیەکی کیمیایی ھەیە نابێت بۆ بەرھەمی کشتوکاڵی بەکاربھێنرێت

2022-09-23   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، چاودێری ئەو ماددانە دەکەن کە خاوەنی خانووە پلاستیکییەکان بۆ زیادکردنی بەرھەمی کشتوکاڵی بەکاریدەھێنن، چونکە ھەندێک لەو ماددانە قەدەغەیە و نابێت بە ھیچ شێوەیەک بەکاربھێنرێت.


نەبەرد قابیل، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەریی لە قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، چاودێری ھەموو ئەو خۆراکە کیمیایی و ماددە قڕکەرانە دەکەن کە لە نوسینگە کشتوکاڵییەکانەوە دەدرێن بە جوتیاران و لە خانووە پلاستیکییەکاندا بۆ باشکردن و زیادکردنی بەرھەم بەکاردەھێنرێن، چونکە ھەندێک لەو ماددە قڕکەرانە بە تەواوی قەدەغەیە و لە ھەر شوێنێک ببینرێت دەستی بەسەردا دەگیرێت.

راشیگەیاند، بۆ دڵنیابوونەوە لە دەرمانەکان و بەرھەمی جوتیاران، بەردەوام چاودێری کارگەکانی بەرھەمھێنانی ماددە کیمییایی و کشتوکاڵییەکان و ھەموو خانووە پلاستیکییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەکەن.  سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ داواشی لە ھاووڵاتیان کرد لە ھەر نوسینگەیەک یان خانووی پلاستیکییەک تێبینییان لەسەر ھەر دەرمانێک ھەبوو، قائیمقامییەتی سلێمانی لێ ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی دەستبەجێ رێکاری پێویست بگرنەبەر.