تائێستا لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژھەڵات ٣٢ کەس گیانیان لە دەست داوە

2022-09-23   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
خۆپیشاندان و نارەزاییەکان بەرامبەر گیانلەدەستدانی "ژینا ئەمینی" فراواتر بوە و زیاتر لە ٨٠ شاری ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە، لە خۆپیشاندانەکانیشدا ٣٢ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ١٦یان خەڵکی رۆژھەڵاتن.

شەوی رابردوو لە خۆپیشاندانەکانی شاری نوشەھیر لە پارێزگای مازەندەران لە باکووری ئێران، کچێک بە ناوی (حەنانە کیا) لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژرا و پێنج چالاکوانی مەدەنیش لە شاری کامیاران رفێنران، ھەروەھا لە شارەکانی ئەنزەلی و سنە و مەریوان شەڕ و رووبەرووبونەوە لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکانی ئێران روویدا و لە ٨٥ شاریش بەردەوام خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین ھەیە. 

دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کچە کوردەکەی سەقز، ماوەی حەوت رۆژە خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە لە شارەکانی ئێران و رۆژھەڵات و وڵاتانی ئەوروپا و چەند وڵاتێکی تر بەردەوامە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش کاردانەوەی فراوانی سیاسی بەدوای خۆیدا ھێناوە. بەپێی دوایین ئاماریش، ٣٢ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە ٧٥٠ی تر برینداران، ھاوکات سێ ئەندامی ھێزە ئەمنییەکان بە چەقۆ کوژراون.