چەند مەڵبەندێکی یەکێتی دەربارەی ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان کۆبوونەوە

2022-09-22   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ھەماھەنگی مەڵبەندەکانی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لەناوچە دابڕاوەکانی کوردستان لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ دەزگاکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی بە پێویست زانرا.

لەکۆبونەوەیەکدا، بە سەرپەرشتی ئاسۆ مامەند، کارگێری مەکتەبی سیاسی و بە ئامادەبوونی لێپرسراوی مەڵبەندەکانی ناوچە دابراوەکان لە (شەنگاڵ و کەرکوک و دووزخورماتوو و مەخمور و خانەقین) و سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم گفتوگۆ لەسەر یەکخستی توانا و ھەڵوێستەکانی یەکێتیی و ھێزە سیاسیەکانی کوردستان کرا بۆ داکۆکیکردن لەویست و داخوازییەکانی خەڵکی ناوچە دابڕاوەکان لەڕووی ژیان و خزمەتگوزارییەوە، چ لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی و چ لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا ئاسۆ مامەند ڕایگەیاند، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان خەلک و خاکی ئەم ناوچانە بە بەشێک لەستراتیژی دوور مەودای خۆی دەزانێت و لەبەر رۆشنایی سیاسەتی راست و دروستی سەرۆک مام جەلال بۆ پێکەوەژیان و خزمەتکردنی میللەتەکەمان لەو ناوچانە  بەھەموو شێوەیەک داکۆکی لێدەکات.

وتیشی، پێویستە وەک یەکێتی سیاسەتێکی گشتگیری کوردستانی لەسەرجەم ناوچە دابڕاوەکان ڕەچاو بکرێت و پێکەوە داکۆکی لێبکەین و بیکەینە بەشێکی دانەبڕاو لە سیاسەتی ھەموو لایەنە کوردستانیەکان، بەتایبەتی یەکێتیی لەھەموو ئەو ناوچانە نوێنەری لەپەرلەمانی عێراق ھەیە.

لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر گەڵالەکردنی پرۆژەیەکی پێویست بۆ ناوچە دابڕاوەکان کرا و مەکتەبی راگەیاندن و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی یەکێتیی راسپێردرا بایەخی زیاتر بەو ناوچانە بدرێت  لەڕووی کێشە و گرفتە جۆراوجۆرەکان و کومەڵانی خەڵک.