نزیکەی ١٠٠ خوێندکار لە یەک خوێندنگەی شاری سلێمانی، توشی سکچوون و رشانەوە بوون، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانییش لیژنەیەکی بەدواداچوونی لە حاڵەتەکە پێکھێنا.
سامان شێخ لەتیف بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندیەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا نزیکەی ١٠٠ خوێندکار لە یەک خوێندنگەی شاری سلێمانی، توشی سکچوون و رشانەوە بوون و رەوانەی نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی تایبەت بە منداڵان کراون.
وتیشی، بە مەبەستی بەدواداچوونی ئەو حاڵەتە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی لیژنەیەکی تایبەتی لە "چاودێری تەندروستی و یەکەی ئاو و تەندروستیی خوێندنگاکان" راسپاردووە، بەدواداچوون بکەن بۆ دۆزینەوەی حاڵەتەکان و نمونەی خۆراک و ئاو بۆ پشکنینی تاقیگەیی وەربگرن.