سبەینێ عێراق ١٥٠ خێزانی دیکە لە کەمپی ھۆڵ وەردەگرێتەوە

2022-09-21   |  
فۆتۆ: 
لاڤە
سبەینێ عێراق ١٥٠ خێزانی دیکە لە کەمپی ھۆڵ وەردەگرێتەوە و رەوانە کەمپی جەدعەیان دەکات.

"شیروان دووبردانی" ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، نزیکەی ١٥٠ خێزانی عێراقی لە کەمپی ھۆلی سوریاوە دەگوازرێنەوە کەمپی جەدعە لە باشوری موسڵ، تائێستاش زیاتر لە ٦٠٠ خێزان لە کەمپی ھۆڵەوە وەرگیراونەتەوە. 

وتیشی، بەھۆی زیادبوونی پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش حکومەتی عێراق بەردەوامی دەدات بە گەڕانەوەی خێزانەکان لە کەمپی ھۆڵ و ئەو کاروانە نوێیەش رۆژی ٥شەممە دەگەنە کەمپی جەدعە. 

ھەفتەی رابردوو، "قاسم ئەعرەجی" راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاندبوو، رەوشی کەمپی ھۆل جێی نیگەرانییە بۆ عێراق و ترس ھەیە لەوەی نەوەیەکی تازە لە تیرۆریستانی داعش لەو کەمپەوە پەروەردە بن. 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، زیاتر لە ٧٠ ھەزار کەس کە کەسوکاری داعشن لە کەمپی ھۆڵن، کە ٩٠%یان ژن و منداڵن و زۆرترینیان عێراقین.