ئەردۆغان: کۆنگرێسی ئەمریکا وەڵامی ئەرێنییان ھەیە بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف ١٦ بە تورکیا

2022-09-21   |  
فۆتۆ: 
ئایار
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، وەڵامی ئەرێنیان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکاوە پێگەیشتووە بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف ١٦ بە تورکیا.

سەرۆک کۆماری تورکیا لەمیانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرزی ئەمریکی رایگەیاند، لە نیویۆرک چاوی کەوتووە بە لیندزی گراھام و کریس کوینز ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا و وەڵامی ئەرێنیان ھەبووە بۆ پاڵپشتیکردن لە فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف ١٦ی ئەمریکی بە ئەنقەرە.

ئەوە لەکاتێکدایە تورکیا داوای لە ئەمریکا کردووە، ٤٠ فڕۆکەی لە جۆری ئێف ١٦ی دروستکراوی کۆمپانیای لۆکھید مارتنی ئەمریکی پێبفرۆشێت.

ئەمریکا بە ھاوبەشی لەگەڵ تورکیا، پەرەیان بە پڕۆگرامی فڕۆکەی ئیف ٣٥ دەدا، بەڵام بەھۆی کڕینی سیستمی مووشەکی ئێس ٤٠٠ لە روسیا، تورکیا لە پڕۆگرامەکە دوورخرایەوە و فرۆشتنی فڕۆکەی ١٦ش بە ئەنقەرە کێشەی تێکەوت.