ڤلادیمیر پوتن: وڵاتانی رۆژئاوا دەیانەوێت روسیا دابەشبکەن

2022-09-21   |  
ڤلادیمیر پوتن
فۆتۆ: 
ئایار
ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا، ھۆشداری دەدات بە وڵاتانی رۆژئاوا و رایدەگەیەنێت، ئەو وڵاتانە دەیانەوێت روسیا دابەش بکەن.

ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا وتارێکی پێشکەشکرد و بانگھێشتی بەشێکی تری سوپای یەدەگی وڵاتەکەی کرد، راشیگەیاند، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەیان لە ئۆکراین گورزێکی پێشوەختە بوو بۆ پاراستنی روسیا و ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی ھەرێمی دۆنباسە.

وتیشی، روسیا مەرجەکانی ئۆکراین بۆ دانووستان رەتدەکاتەوە و وڵاتانی رۆژئاوا ئاشتیان لەنێوان کیێڤ و مۆسکۆ ناوێت و دەیانەوێت روسیا دابەشبکەن.

پوتن لەبارەی ئەنجامدانی راپرسی لە لۆھانسک بۆ ئەوەی بخرێنە سەر روسیا، رایگەیاند، پەرلەمانی ھەرێمی دۆنباس بڕیاری راپرسیداوە و روسیاش پاڵپشتیدەکات و کار بۆ گەرەنتیکردنی ئەنجامدانی ئەو راپرسییە دەکات.

رۆژی سێشەممە ئیدارەی ناوچەی لۆھانسک، کە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای روسیادایە رایگەیاند، لە رۆژانی ٢٣ بۆ ٢٧ی ئەم مانگە، راپرسی دەکەن بۆ ئەوەی ناوچەکەیان وەک بەشێک لە خاکی روسیا بناسێندرێت.