ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم رایگەیاند، دەبێت میکانیزمی پێویست بۆ ڕاھێنان و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی کوردستان ھەبێت ، بڕیاریشیدا دووبارە پێداچوونەوە بە بابەتی دەستی کار بکرێت
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم سەبارەت بە بابەتی ڕێکخستنی دەستی کار و ڕەخساندنی دەرفەتەکانی کار لە کەرتی تایبەت کۆبۆوە، بەپێی راگەیەنراوێکی کۆبونەوەکەش جەخت لەوە کراوەتەوە حکومەت ھەموو ئاسانکارییەک و ھەماھەنگییەک دەکات بۆ یارمەتیدانی گەنجانی کوردستان بۆ دۆزینەوەی ھەلی کار بەتایبەتی لە کەرتی تایبەت.
ھەروەھا حکومەت ھانی خاوەنکارانی کوردستان دەدات، گەنجانی کوردستان لە پێشینەی وەرگرتنی دەستی کاری کۆمپانیاکان بن و پابەندبن بە بڕیاری حکومەت سەبارەت بەوەی دەبێت لانیکەم ڕێژەی ٧٠%ی دەستی کاری خەڵکی ھەرێم بن.
ھاوکات داوا کرا پەرلەمانی کوردستان، پەلە بکات لە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای نوێی کار، کە ستراتیژێکی نوێی داڕشتوە بۆ پەیوەندی نێوان کرێکار و خاوەنکار، بڕیاریشیدا دووبارە پێداچوونەوە بە بابەتی دەستی کار بکرێت و ئامادە بکرێت بۆ بڕیار لە سەردانی لە کۆبوونەوەکانی داھاتووی ئەنجومەنی وەزیران.