لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لە بەغداد، زیاتر لە ھەزار و ٧٠٠ سکاڵا لەبارەی توندوتیژیی خێزانی تۆمارکراون.
سەرۆکایەتیی دادگای تێھەڵچوونەوەی ناوچەی رەسافەی بەغداد، ئاماری سکاڵاکانی لەبارەی توندوتیژیی خێزانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لە دادگاکانیان ھەزار و ٧٣٣ سکاڵا تۆمارکراون.
راشیگەیاند، ٢٥٧ سکاڵا لەبارەی توندوتیژیی بەرامبەر بەساڵاچووان و ھەزار و ٤٠٨ سکاڵاش لەبارەی توندوتیژیی بەرامبەر ژنان و ٦٨ سکاڵاش لەبارەی توندوتیژیی بەرامبەر منداڵان بوون.
بەپێی ئامارێکی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، ساڵی ٢٠٢١ پێنج ھەزار حاڵەتی توندوتیژیی بەرامبەر ژنان لە بەغداد و سەرجەم پارێزگاکانی تر تۆمار کراون.