نزیکەی ملیۆنێک ھاوڵاتی عێراقی ناسنامە و بەڵگەنامەی رەسمییان نییە

2022-09-16   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەھۆی ئاوارەبوون و جێھێشتنی ناوچەکانی خۆیانەوە، نزیکەی یەک ملیۆن ھاوڵاتی عێراقی خاوەنی ھیچ ناسنامە و کارتێکی خۆناساندن نیین.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی بواری کۆچ و پەنابەری و ڕێکخراوی دادپەروەری عێراقی و ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، نزیکەی میلیۆنێک ھاوڵاتی عێراقی خاوەنی ھیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمی خۆناساندن نین.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەروو، ئەو کەسانە بەھۆی کۆچ و ئاوارەبوونەوە ھەموو بەڵگەنامەیەکی مەدەنیان لەدەستداوە و تۆمارنەکراون، بەو ھۆیەشەوە گەیاندنی کۆمەکە فریاگوزارییەکان پێیان ئاستەنگیان بۆ دروستبووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کەسانە مەترسی ھەژاری و پەراوێزبوونی زیاتریان لەسەرە، چونکە تائێستا ناتوانرێت لە ڕەوشی ئاوارەبووندا ھیچ ھاوکارییەکیان بکرێت.

ئەو ڕێکخراوە مرۆییانە ڕوونیانکردووەتەوە، ئەو عێراقیانەی ئاوارەی ناوەوەو و دەرەوی وڵاتەکەیان بوون، بەئاسانی دەستیان بە دامەزراوە مەدەنییەکانی دەوڵەت ناگات، بۆ وەرگرتنی بەڵگەنامەی فەرمی.