تیتی: ئەگەر مۆندیالی ٢٠١٨مان ببردایەتەوە وازم دەھێنا

2021-06-17   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
تیتی راھێنەری ھەڵبژاردەی بەرازیل ئاشکرای کرد ئەگەر ھەڵبژاردەی بەرازیل ببووایە بە پاڵەوانی مۆندیالی ٢٠١٨ ئەوا راستەوخۆ وازھێنانی یەکجارەکی لە کاری راھێنان رادەگەیاند.

تیتی یەکەم راھێنەرە بۆندەکەی لەگەڵ ھەڵبژاردەی بەرازیل بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ نوێ کردۆتەوە و لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی بەر لە یاری بەرامبەر بەپیرۆش رێزی زۆری بۆ ئەو ھەڵبژاردەیە دوپات کردەوە.


تیتی وتی:  پێش مۆندیالی روسیا بە ھاوسەرەکەمم وت ئەگەر بەرازیل نازناوەکە بباتەوە ئەوا راستەوخۆ وازھێنان رادەگەیەنم، چونکە مۆندیال لوتکەی پاڵەوانێتییەکانە و ھەموو راھێنەرێک دەیەوێت بیباتەوە، بۆیە دوای بردنەوەی مۆندیال وازم دەھێنا چوونکە دەبومە خاوەن ھەمو نازناوەکان، ئەویش سەیری کردم و وتی کەواتە ئەمە ھۆکاری مانەوەتە لەگەڵ ھەڵبژاردەکە.


سەبارەت بە یارییەکەش وتی: چەندین جار رووبەڕووی ریکاردۆ گاریکا بوومەتەوە، پێم وایە ماوەی بەردەوامبوونی ئەو لەگەڵ پیرۆ لەماوەی مانەوەی من لەگەڵ بەرازیل زیاترە، ئەو ئەزمونی زۆری ھەیە، بۆیە ئەگەر پێکھاتەی یارییەکە ئاشکرا بکەم ئەوا ھەلی ئەوەی پێدەبەخشم پلان و ستراتیژی ئێمە بزانێت، بۆیە نامەوێت پێکھاتەکەم ئاشکرا بکەم.