دوای دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووباری فورات نەخۆشی لە کۆبانێ بڵاوبووەتەوە

2022-09-06   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
بەڕێوەبەری ئاوی کۆبانێ ڕایگەیاند، ئاوی ڕووباری فورات بە ئەنقەست لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە کەمکراوەتەوە، ئەوەش وایکردووە نەخۆشی لە حەوزەکانی ناو ڕووبارەکەدا بڵاوببێتەوە.

مەسعود بۆزی بەڕێوەبەری ئاوی کۆبانێ سەبارەت بە کەمکردنەوەی ئاوی رووبارەکەی فورات ڕایگەیاند، دوای دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوی تشرین، کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا ڕێگریدەکات لە پڕبوونی تانکی ئاوەکە. لەبەرئەو ھۆکارەش لە زۆرێک لە گەڕەکەکانی کۆبانێ کێشەی کەمی ئاو ھەیە.

راشییگەیاند، لە ھێڵی ھاوبەشەوە ئاو بۆ کۆبانێ و گوندەکانی دابیندەکرێت، ھیچ بەدیلێک بۆ ئەم ھێڵە نییە، بۆیە بەردەوام ئاوی شارەکە دەبڕدرێت، ناتوانرێت پەمپەکانی ئاو لێیەوە کاربکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەندێکجار بەھۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە لە ھەندێک شوێن ھێڵەکانی ئاو راستەوخۆ بە بۆمب دەکرێنە ئامانج و ئەو تیمانەشی کە بۆ چاککردنەوەی تێکچوونەکان دەنێردرێن  بەھەمان شێوە لەلایەن داگیرکەرانەوە تەقەیان لێدەکرێت.