دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم ڕاھێنان بە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان دەکات

2021-06-15   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان مەشق بە ژمارەیەک دەرچووی بەشی گەشتوگوزاری زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێم دەکات بە مەبەستی ڕێبەری گەشتیاری.

"ئەمەل جەلال" سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، لە قۆناغی یەکەمدا ٧٥ دەرچووی بەشی گەشتوگوزار بۆ ھەر سێ پارێزگاکەی ھەرێم لەسەر پیشەی ڕێبەری گەشتیاری ڕادەھێنرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە ھەفتەی داھاتووەوە لە سلێمانی خولێکی ڕاھێنان بۆ ٢٥ دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکەنەوە و دواتر لە ھەولێر و دھۆکیش دەستپێدەکەن. 


ڕوونیشکردەوە، ڕێبەرە گەشتیارییەکان لەگەڵ ئەو گرووپە گەشتیارییانە دەبن کە دێنە ھەرێم و بە زمانی خۆیان زانیاریی تەواویان لەسەر شوێنە گەشتیاریی و مۆزەخانە و شوێنە مێژووییەکان پێ دەدەن. 


ئەمەل جەلال ڕاشیگەیاند، لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە ٦٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە، زۆربەشیان گەشتیاری شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقن.