نزیکەی ٦٠ کۆچبەر لە دوورگەیەکی یۆنان گیریانخواردووە

2022-08-18   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
نزیکەی ٦٠ کۆچبەر لە دوورگەیەکی یۆنان گیریانخواردووە و داوای بەھاناوەچوون دەکەن کە بەشێکیان خەڵکی ھەرێمی کوردستانن.

حسێن حەمەساڵح نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە یۆنان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، نزیکەی ٦٠ کۆچبەر لە دوورگەی کیسیرا لە یۆنان گیریانخواردووە کە ھەوڵیانداوە بەرەو ئیتاڵیا بڕۆن، لەئێستاشدا لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراون.

وتیشی، کۆچبەرەکان خەڵکی ھەرێمی کوردستان و ئێران و ئەفغانستانن، دوو کەسی رۆسیش دەستگیرکراون ئەگەری ھەیە قاچاغچی کۆچبەرەکان بن.

نوێنەری دەزگای لوتکە ھەروەھا جەختی لەوەشکردەوە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ کۆچبەرەکان کراوە و ھەموو ئامێرێکی پەیوەندیکردنیشیان لێوەرگیراوە، پێدەچێت رەوانەی کامپە داخراوەکانی دەوروبەری ئەسینا بکرێنەوە.