سبەینێ گۆتێرێس و ئەردۆغان و زیلینسکی کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی دەکەن

2022-08-17   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سبەینێ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی ئۆکراین دەکەن و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆدەبنەوە.

ستیڤان دوجاریک وتەبێژی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لەسەر داوای ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سبەینێ گۆتێرێس و ئەردۆغان سەردانی شاری لڤیڤ دەکەن و لەگەڵ زیلینسکی کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی دەکەن و گفتوگۆ لەبارەی و پرۆسەی ھەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراین بۆ بازاڕەکانی جیھان و ھەنگاوە دیبلۆماسییەکان بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگ لەو وڵاتە دەکەن.

وتەبێژی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان راشیگەیاند، رۆژی ھەینی گۆتێرێس سەردانی بەندەری شاری ئۆدیسای ئۆکراین دەکات کە یەکێکە لەو بەندەرانەی دانەوێڵەی لێوە ھەناردە دەکرێت.