سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی: ھەر بەرپرسێکی یەکێتی ناونیشانی بۆ دەستکەوتی تایبەت بەکاربھێنێت سزای توند دەدرێت

2022-08-16   |  
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت، ھەر بەرپرسێکی یەکێتی ناونیشانی خۆی بەکاربھێنێت بۆ دەستکەوتی تایبەت، سزای توند دەدرێت.

بەپێی بڕیارێکی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ھەر لێپرسراوێکی یەکێتی لە سنووری سلێمانی، لە ھەر ئاست و بەرپرسیارێتییەکی حزبی، ڕێکخراوەیی، حکومی و سەربازیدا بێت بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە پێدراو نییە ناونیشان و بەرپرسیارێتی خۆی بەکاربھێنێت بۆ دەستکەوتی تایبەت،  بۆ وەرگرتنی زەوی و زار و موڵکی گشتی یاخود فشار بخاتە سەر فەرمانبەر و دامەزراوە حکومییەکان.
ھەر بەپێی بڕیارەکەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ھەر ھەڤاڵێکی یەکێتی لەھەر ئاستێکی حزبیدا بێت سەرپێچی لەو شێویە بکات جگە لەوەی ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی سزای توندی ڕێکخراوەیی دەدرێت. 

لە بڕیارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی دەشڵێت، چاوەڕوان دەکەن سەرجەم حزب و لایەنەکانی تر ھەمان ھەڵوێستیان ھەبێت.