سۆمۆ: مانگی رابردوو داھاتی نەوت ١٠ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلای تێپەڕاند

2022-08-16   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
رێکخراوی ئۆپیک، عێراق بە زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت پابەنددەکات، مانگی داھاتووش ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت لە عێراق لە رۆژێکدا بۆ سەروو چوار ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار بەرمیل بەرزدەبێتەوە.

عەلا یاسری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" رایگەیاند، عێراق پابەندە بەبڕیاری رێکخراوی ئۆپیک و ھاوپەیمانەکانی لەبارەی زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت بۆ سێ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، بەڵام ئەو زیادکردنە کاریگەریی لەسەر یەدەگی ستراتیژیی نەوتی خاو نابێت.

عەلا یاسری وتیشی، مانگی داھاتوو ئاستی بەرھەمھێنانی نەوتی رۆژانەی عێراق بە تێکڕا بۆ چوار ملیۆن و ٦٦٣ ھەزار بەرمیل بەرزدەبێتەوە، راشیگەیاند، مانگی رابردوو زیاتر لە ١٠٢ ملیۆن و ٣٨٥ ھەزار و ٤٩ بەرمیل نەوتیان بەرھەمھێناوە و داھاتەکەشی ١٠ ملیار و ٥٤١ ملیۆن و ٥٩٤ ھەزار و ٢٥٨ دۆلار بووە.

عێراق پلانی ھەیە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٧ بەھاوکاری لەگەڵ ئەو کۆمپانیا بیانیانەی لە عێراق کاردەکەن بەرھەمھێنانی نەوت بگەیەنێتە ھەشت ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.