ئەوروپا گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی بەرامبەر کۆچبەران دەکات

2021-04-28   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
یەکێتیی ئەوروپا گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی بەرامبەر کۆچبەران دەکات، تەنھا لە ٢٠١٩شدا نزیکەی نیو ملیۆن کۆچبەری ئاگادارکردووەتەوە ئەوروپا جێبھێڵن.

مارگرێتیس چینس جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ڕایگەیاند، سیاسەتیان لە پرسی کۆچبەران دەگۆڕن، ئەوانەی کە داواکاری وەرگرتنی مافی پەنابەریەتییان ڕەتدەکرێتەوە، بە ئارەزوومەندانە دەنێردرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان، ئەوەش لە ڕێگەی ئاسانکاریکردن لە ڕێوشوێنەکانی ناردنەوەیان و ڕازیکردنی وڵاتەکانیان بە وەرگرتنەوەیان.


قەیرانی کۆچبەران لە ساڵی ٢٠١٥وە بەرۆکی یەکێتی ئەوروپای گرتووە، مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردووش کۆمسیۆنی ئەوروپا پێشنیازێکی بۆ گۆڕانکاری لە پرسی کۆچبەران پێشکەشکرد، بەڵام ڕەزامەندی بە دەستنەھێنا، کە بەشێکی ئەو گۆڕانە تایبەت بوو بە ناردنەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتەکانیان، ئێستاش گۆڕانکاری لە سیاسەتی کۆچبەران، پێویستی بە ھەماھەنگییەکی نێودەوڵەتیە.


لە شەش ساڵی ڕابردوودا یەک ملیۆن کۆچبەر ڕوویان لە ئەوروپا کردووە، زۆرینەیان خەڵکی سوریا بوون، سەرەتای ئەم ھەفتەیەش دانیمارک وەک یەکەم وڵاتی ئەوروپی ھەنگاوی نا بۆ بێبەشکردنی کۆچبەرە سورییەکان لە پێدانی ڕەگەزنامەی وڵاتەکە، ئەوەش ڕێگا خۆش دەکات بۆ ناردنەوەیان بۆ سوریا، ھەنگاوەکەی دانیمارک نیگەرانی ئەوروپای لێکەوتەوە و داوای ڕاگرتنی دەکەن، بەو پێیەی ھێشتا جەنگ لە سوریا بەردەوامە و ڕەوشی ئەمنی گونجاو نیە بۆ گەڕانەوەی کۆچبەرەکان.