محەمەد شوکری: تا مانگی ئەیلول دەست بە دروستکردنی ٢٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دەکرێت

2022-08-11   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێم رایگەیاند، بڕیارە تا مانگی ئەیلولی داھاتوو دەست بە دروستکردنی ٢٠ ھەزار یەکە نیشتەجێبووەکە بۆ کەمدەرامەتان بکرێت.

محەمەد شوکری سەرۆکی گشتی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەئێستادا دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بەپێی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان تەواوبووە کە ھەر ناوچەی چەند یەکەی نیشتەجێبوونی بەردەکەوێت.

وتیشی، لە زۆربەی شوێنەکان زەوی بۆ دروستکردنی یەکە نیشتەجێبووەکان تەرخانکراوە و لیژنەکانیش بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ دەستنیشانکردنی وەبەرھێنەرەکان، بۆیە ھەموو ھەوڵەکان چڕکراوەنەتەوە تا مانگی ئەیلولی داھاتوو دەست بەدروستکردنی یەکەکان بکرێت.

وتیشی، ٢٠ ھەزار یەکە نیشتەجێبووەکە لە ھەموو ھەرێم بۆ کرێچی و کەمدەرامەتان دروستدەکرێن، لەو چوارچێوەیەشدا ١٢٠ ھەزار فۆرم پڕکراوەتەوە، لەلایەن لیژنەکانەوە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان فۆڕمەکان جیادەکرێنەوە، بۆ ئەوەی خەڵکی شایستە دیاریبکرێن.