چوارچێوەی ھەماھەنگی: پێویستە پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار

2022-08-10   |  
چوارچێوەی هەماهەنگی
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا، ھەڵویستی خۆی لە سەر پێویستی ڕێزگرتن لە دامەزراوە دەستوریی و یاساییەکان دووپاتکردەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداوە و تیایدا دەربارەی سەرجەم کێشە ھەڵپەسێردراوەکان و لە پێش ھەموشیانەوە ئاراستەی گفتوگۆکانی ئێستا لەگەڵ ھێزە سیاسییەکان، گفتوگۆی لەبارەوە کراوە و داواکراوە پەلە بکرێت لە چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان و یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار و پێکھێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار، کە  بتوانێت چارەسەری کێشە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان بکات.

جەختیشکراوەتەوە لە پێویستی ڕێزگرتن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت، لە پێش ھەموویانەوە دەسەڵاتی دادوەریی و یاسادانان و ڕەتکردنەوەی ھەموو جۆرە پێشێلکارییک بۆ سەریان و پەکخستنی کارەکانیان.
چوارچێوەی ھەماھەنگی داواشی لە خەڵکی عێراق کردووە، ھەڵوێستیان ھەبێت لەگەڵ ھەموو ھەنگاوێکی یاسایی و دەستوریی بۆ پێکھێنانی حکومەت و بەرگریکردن لە ئاراستەی دیموکراسی کە ھەموان باوەڕیان پێیەتی.