عێراق بەشێک لە خێزانە ئاوارەکانی کەمپی ھۆل دەگوازێتەوە بۆ کەمپی جەدعە لە نەینەوا

2022-08-10   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاشکرایکرد، پلانیان ھەیە لەڕێگەی خشتەیەکی زەمەنییەوە بەشێک لە کۆچبەرانی کەمپی ھۆلی سوریا بگوازنەوە بۆ کەمپی جەدعە لە نەینەوا.

عەلی عەباس جیھانگیر، وتەبێژی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، بەشێک لە بودجەی یاسای ئاسایشی خۆراک، تەرخاندەکرێت بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ ئاوارەکان، وتیشی، بڕیارە ئەمساڵ بە چەند کاروانێک، ٥٠٠ خێزان لە کەمپی ھۆلەوە بگوازرێنەوە بۆ کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا، پڕۆسەکەش بە ھاوکاری ڕاوێژکاریەتی ئاسایشی نەتەوەیی و دەزگا ئەمنییە پەیوەندارەکان ئەنجام دەدرێت.

وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ڕوونیشیکردەوە، پێشتر ١٥٣ خێزان گواستراونەتەوە، کاروانی دووەمیش لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ئەنجام دەدرێت، کە ژمارەیان ١٥٠ خێزانە و زۆربەیان لە کەسانی بە تەمەن و نەخۆشن، دوا کاروانیش پێکھاتوون لە ٥٠٠ خێزان و بریارە لە کۆتایی ئەمساڵدا بگوازرێنەوە، کە زۆربەیان دانیشتوانی پارێزگاکانی ئەنبار و سەلاحەدین و نەینەوان.