چوارچێوەی ھەماھەنگی: کاندیدەکەمان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ناگۆڕین

2022-08-07   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ھاوپەیمانی فەتح رایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەکانی لیژنەی دانووستان لەگەڵ لایەنەکان بەردەوامە و ئامانجیشی ئەوەیە ھیچ لایەنێک لە پرۆسەی سیاسی پەراوێز نەخرێت.

بەپێی راگەیەنراوێکی ھاوپەیمانی فەتح، رۆژانە لیژنەیەکی تایبەتی چوارچێوەی ھەماھەنگی بەسەرۆکایەتی ھادی عامری بەردەوامە لە کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بە مەبەستی زاڵبوون بەسەر کێشە و ئاڵۆزییەکان و کۆتایی ھێنان بە چەقبەستویی سیاسی و زۆربەی لایەنەکانیش پشتیوانی ئەو جۆرە گفتوگۆ و دانوستانانە دەکەن.

ھەندێک لایەنیش ھەن ھەڵوێستیان بەرامبەر دەستپێشخەرییەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی باش نییە، بەڵام ئامانج سەرەکی چوارچێوەی ھەماھەنگی پەراوێز نەخستنی ھیچ لایەنێکە لە پرۆسەی سیاسی عێراق.

لە راگەیەندراوێکی دیکەشدا چوارچێوەی ھەماھەنگی سەرجەم ئەو زانیارییانەی رەتکردووەتەوە کە باس لەوە دەکەن رێککەوتن کراوە بۆ گۆڕینی محەمەد شیاع سودانی کاندیدی چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.