وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، بەراورد بە ساڵی رابردوو بەھەمھێنانی کارەبا زیادیکردووە و ھاوردەکردنی غازیش لە ئێرانەوە زیاتر دەکەن.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی کارەبای عێراقدا ھاتووە، رەوشی کارەبا لە عێراق قۆناغ بە قۆناغ بەرەو سەقامگیری دەچێت و پلانی تۆکمەش داڕێژراوە بۆئەوەی بەرھەمھێنانی کارەبا زۆر زیاتر بکرێت، بەشێوەک بگاتە ئاستی داواکاری و خواستی ھاوڵاتیان، ئاماژەی بەوەشکردووە، لەماوەی ئەمساڵدا بەرھەمێنانی کارەبا بەراورد بە ساڵی رابردوو ٢٢% زیادیکردووە، لە کاتێکدا نەبوونی یاسای بودجەی ئەمساڵیش گەورەترین بەربەستی بەردەمیان بووە بۆ باشترکردنی رەوشی کارەبا و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان.
وەزارەتی کارەبای عێراق راشیگەیاند، جگە لە پلان و پڕۆژە ناوخۆییەکان بۆ باشکردن و زیادبوونی کارەبا، لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆی بەردەوامدان بۆ زیادکردنی ھاوردەکردنی غازی ئەو وڵاتە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرھەمھێنانی کارەبا.