عێراق: کار دەکەین بۆ زیادکردنی پشتیوانی نێودەوڵەتی دژی دەستدرێژییەکانی تورکیا

2022-08-06   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ دروستکردنی فشار لە سەر تورکیا، بەھۆی دەستدرێژییەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر خاکی عێراق.

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، تا ئێستاش وڵاتەکەی بەردەوامە لە ھەوڵە دیپلۆماسیییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دۆست و ھاوپەیمان بۆ  سەرخستنی کاری ئەو لیژنەیەی کە بۆ تاوتوێکردنی دەستدرێژییەکانی تورکیا پێکھێنراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی ڕاپۆرتی لیژنەکە، تورکیا تێوەگلاوە لە دەستدرێژی و بۆردومانەکانی ئەم دوایەی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای دھۆک، دەرکەوتووە سەرجەم بەڵگە کۆکراوەکان، پیشتگیریکردن بووە لە گێڕانەوەکانی عێراق سەبارەت بە بۆردوومانەکان و ژمارەیەک لە وڵاتانی دۆستیش ئیدانەی بۆردومانەکانی تورکیایان کردووە.

سەحاف راشیگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەردەوام دەبێت لە ھەوڵەکانی، بۆ ئەنجامدانی ھەنگاوی زیاتر، بە مەبەستی بەدەستھێنانی پشتیوانی زیاتر لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ھەڵوێستەکانی لە بەرامبەر دەستدرێژییەکانی حکومەتی تورکیا.