ھێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل ١٩ ئەندامی بزوتنەوەی جیھادی ئیسلامییان دەستگیرکرد

2022-08-06   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ھێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل ١٩ ئەندامی بزوتنەوەی جیھادی ئیسلامییان لە غەززە دەستگیرکرد و لە کەرتی غەززەشەوە ١٠٠ مووشەک ئاڕاستەی شارەکانی ئیسرائیل کران.

ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی جیھادی ئیسلامی لە پەرەسەندایە و بەرەبەیانی ئەمرۆ ھێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل لە ھەڵمەتێکدا لە کەناری خۆرئاوا ١٩ کەسیان بەتۆمەتی پەیوەندی بە بزوتنەوەکەوە دەستگیرکرد.

لە ھەمانکاتیشدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆردومانی شارۆچکەی خان یونسیان لە باشوری کەرتی غەززە کرد و بە پێی ئامارە سەرەتاییەکان ٢ فەڵەستینی برینداربوون.

بزوتنەوەی جیھادی ئیسلامیش رایگەیاند، زیاتر لە ١٠٠ مووشەکی لە کەرتی غەززەوە ئاڕاستەی شارەکانی ئیسرائیل کردوە، سوپای ئیسرائیلیش بەرپەرچدانەوەی ٤٠ لەو مووشەکانەی راگەیاند.

سەرھەڵدانەوەی ئاڵۆزییەکان، کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و وڵاتانی عەرەبی و ئێران و تورکیا ئیدانەی بۆردوومانەکەی رۆژی ھەینی ئیسرائیلیان کرد، کە بەھۆیەوە ١٠ کەس کوژران و ٧٥ی تریش برینداربوون کە یەکێکیان تەسیر جەعبەری فەرماندەی ناوچەی باکوری بزوتنەوەی جیھادی ئیسلامی بوو.

بەنی گانتس وەزیری بەرگری ئیسرائیلیش رایگەیاند، بزوتنەوەی حەماسیان ئاگادرکردۆتەوە، ھەوڵی ئاڵۆزکردنی زیاتری رەوشەکە نەدەن و ئۆپراسیۆنەکەی ئێستاشیان تەنھا چەند ئامانجێکی بزوتنەوەی جیھادی ئیسلامی لەپشتەوەیە.