بە ھەوڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کێشەی جوتیارانی گوندەکانی ناحیەی سەرگەڕان چارەسەرکرا.
دوای ئەوەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوو سوپای عێراق دەستێوەردانی لە کاروباری کێشەی زەوی جوتیارانی گوندەکانی ناحیەی سەرگەڕان کرد و کارەبای بیرە کشتوکاڵیەکانی جوتیارانی بڕی، ئێوارەی ئەمڕۆ جوتیارانی کورد لە گوندی گابەڵەکە گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجام دا.
دواتر ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری مەڵبەندی کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتی، بۆ چارەسەری کێشەی جوتیاران پەیوەندی بە فەرماندەی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراقەوە کرد و بڕیاردرا ڕێگە بە جوتیاران بدرێت کاری ئاودێری لە زەویەکانیان بکەن. دوای ئەو ھەوڵەی سەرپەرشتیاری مەڵبەندی کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتی، سوپای عێراق کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ جوتیارانی گوندەکانی سەرگەڕان ئەنجامدا و بەڵێنیاندا رێگری لە جوتیاران نەکەن و لەئێستاوە جوتیاران دەتوانن کاری ئاودێری لە زەویەکانیان بکەن.