شۆڕش ئیسماعیل : ھاوپەیمانان یەکگرتنەوەی پێشمەرگەیان کردووە بەمەرجی پشتیوانییەکانیان

2022-08-05   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی ھەرێم ئاشکرایکرد، ھاوپەیمانان یەکگرتنەوەی پێشمەرگەیان کردووە بەمەرجی پشتیوانییەکانیان، بۆیە ئەگەر پرۆسەی چاکسازی بەباشی نەڕواتە پێشەوە کاریگەری لەسەر ھاوکارییەکان دەبێت.

شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی ھەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لە سەردانی وەفدی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ واشنتۆن کرد و ڕایگەیاند، چاکسازی لە ناوپێشمەرگە لە پێشینەی کارەکانە و  ھاوپەیمانان پێداگری زۆر دەکەن کە ھێزی پێشمەرگە ھێزێکی رێکخراو بێت و دەستوەردانی حزبی تیادا کەمبکرێتەوە.

شۆرش ئیسماعیل باسی لەوەشکرد، ھاوپەیمانان لەبەرامبەر بەرەوپێشچوونی ڕێکخستنی پێشمەرگە ھاوکاریی و پشتیوانییەکان زیاددەکەن، جەختیشیکردەوە ئەگەر پرۆسەی چاکسازی بەباشی نەڕواتە پێشەوە کاریگەری لەسەر ھاوکارییەکانی ھاوپەیمانان دەبێت و یەکگرتەنەوەی پێشمەرگەشیان کردووە بە مەرجی ھاوکارییەکانیان.

شۆرش ئیسماعیل باسی لەوەشکرد، ئەمریکا فشاری لە حکومەتی عێراق کردووە بۆ ئەوەی لیوا ھاوبەشەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بچنە ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنیی تێدایە.

ئاشکراشیکرد، ھەتا ئێستا مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ھەرێم مەترسی گەورەن.