لە ماوەی شەش ساڵدا داھاتی باج و گومرگ ٦٥٠ ملیار دینار لە ھەرێم زیادیکردووە

2022-08-05   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
حکومەتی ھەرێم ئاشکرایکرد، لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا داھاتی باج و گومرگ ٦٥٠ ملیار دینار زیادیکردووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەبێ ئەوەی ھیچ بڕێک لە وەرگرتنی باج زیادکرابێت، داھاتی باج بەھۆی ھەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبونە نایاساییەکان و میکانیزمی نوێ بۆ رێگریکردن لە پێدانی باج و دەرکردنی رێنمایی و دیاریکردنی سزا لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای باج وەک خۆی داھاتی باجیان زیادکردووە.

راشیگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٦دا داھاتی باج ١٧٩ ملیار دینار بووە و تەنھا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢، ٤١٨ ملیار دینار داھاتی باج لە ھەرێمی کوردستان کۆکراوەتەوە، واتە ساڵ لە دوای ساڵ داھاتی باج زیادیکردووە، بەجۆرێک لە ساڵی ٢٠١٦ تا ٢٠٢٢ داھاتی باج بە نزیکەی ٦٥٠ ملیار دینار زیادیکردووە.