وتەبێژی حەشدی شەعبی ڕەتیدەکاتەوە ھێزەکانی حەشدی شەعبی ھەڵبوەشێندرێنەوە و دەڵێت، حەشد شانازییە بۆ گەلی عێراق.
"ئەحمەد ئەسەدی" سەرۆکی گردبوونەوەی سەنەدی نیشتمانی کە ھاوکات وتەبێژی حەشدی شەعبییە ڕاگەیاند، لێرە و لەوێ گوێبیستی داواکاری ھەڵوەشانەوە یان یەکخستنەوەی ھێزەکانی حەشدی شەعبی دەبین لەگەڵ ھێزە ئەمییەکان، بەڵام ئەوانە بێئاگان لەوەی حەشدی شەعبی سەرە ڕمی سیستمی ئاسایشی نەتەوەیی عێراقە و جێگەی شانازییە بۆ ھەموو گەلی عێراق.
ئەسەدی باسی لەوەشکردووە، ڕەنگە لایەنەکان لەسەر سیاسەت و شێوازی کارکردن ناکۆکبن، بەڵام ھەموان پاڵپشتی حەشدی شەعبی دەکەن دژی ھەر پیلانگێڕییەک.
وتەکانی ئەسەدی دوای ئەوە دێت بزووتنەوەی ئیمتیداد لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای ڕێکخستنەوە و توانەوەی حەشدی شەعبی کردووە لەناو دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق.