چین مانۆڕی سەربازی لە ئاوەکانی دەوروبەری دوورگەی تایوان دەستپێکرد

2022-08-04   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
لە کاردانەوەی سەردانەکەی نانسی پیلۆسی بۆ تایوان، چین مانۆڕی سەربازی لە ئاوەکانی دەوروبەری دوورگەی تایوان دەستپێکردوو و چەند ھاوەنێکی ھەڵدا، تایوانیش دەڵێت ئامادەن بۆ جەنگ.

مانۆڕە سەربازییەکەی چین بەیانی ئەمڕۆ دەستیپێکردووە و بە گەورەترین مانۆڕ دادەنرێت لە کە دەوروبەری تایوان ئەنجامیبدات، بڕیارە ٥ رۆژ بەردەوام بێت و چەندین ناوچە دەگرێتەوە. 

 ھێزە چەکدارەکانی تایوانیش رایانگەیاند، ئەو مانۆڕە ھەڕەشە لەسەر ئاسایشی خۆرھەڵاتی ئاسیا دروست دەکات و بەبێ ئەوەی جەنگیان بوێت ئامادەن بۆ جەنگ. 

وەزارەتی بەرگری تایوانیش رایگەیاند،  چین ٢٧ فڕۆکەی جەنگی رەوانەی ناوچەکە کردووە و ٢٢یان ھێڵی جیاکەرەوەی نێوان چین و تایوانی تێپەڕاندووە. 

مانۆڕەکەی چین کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، "جۆزێب بۆریل" نوێنەری سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ئیدانەی کردووە.

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی باشوری خۆرھەڵاتی ئاسیاش رایانگەیاند، مانۆڕەکەی چین سەقامگیری ناوچەکە تێکدەدات و روبەڕوبوونەوەی مەترسیدار دروست دەبێت. 

ئەمریکاش لە زاری لێپرسراوێکی باڵاوە وتی، مانۆڕەکەی چین نابەرپرسانەیە و ھۆشداریدا لەوەی رەوشەکە لەژێر کۆنترۆڵ دەربچێت.