ماکرۆن پشتیووانی داواکارییەکەی کازمی بۆ دانووستانی لایەنەکان دەکات

2022-08-02   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا، پەیامێکی لەبارەی رەوشی عێراق بڵاوکردەوە و پشتیووانی بۆ داواکارییەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ دانوستانی نێوان لایەنەکان دەربڕی.

سەرۆکی فەڕەنسا، لە تویتێکدا رایگەیاند، زۆر نیگەرانە لە رەوشی عێراق و پێویستە ئارامی و دانبەخۆداگرتن ھەبێت، وتیشی، پشتیووانی لە بانگەوازەکەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات، بۆ دیالۆگ و راوێژکردن وەک وەڵامێک بۆ خواستەکانی ھاووڵاتیانی عێراق.

ئەوەش لەکاتێکدایە ماوەی سێ رۆژە لایەنگرانی موقتەدا سەدر لە بەغداد خۆپیشاندانیان دەستپێکردووەوە و چوونەوە سەر باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و مانگرتنیان راگەیاندووە.