بەرھەمی ڕۆژانەی نەوت لە کێڵگەی شێخان گەیشتووەتە ٤٣ ھەزار و ٦٠٠ بەرمیل

2021-06-13   |  
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
کۆمپانیای "گەڵف کیستۆن" ئاشکرای دەکات، بەرھەمھێنانی نەوت لە کێڵگەی شێخان لە سنووری پارێزگای دھۆک بە ڕێژەی ٢٠٪ زیادیکردووە.

گەڵف کیستۆن کە لە کێڵگەی شێخان کۆمپانیای سەرکارە، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیادا ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١ بەرھەمی کێڵگەی شێخان بە ڕێژەی ٢٠٪ زیادیکردووە و تێکڕای بەرھەمی ڕۆژانە گەیشتووەتە ٤٣ ھەزار و ٦٠٠ بەرمیل.


لای خۆشیەوە (جۆن ھاریس) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای گەڵف کیستۆن ڕایگەیاند، خۆشحاڵین کە ڕایدەگەیەنین دەستمان کردووەتەوە بە کارکردن بۆ تەواوکردنی بیری ژمارە ١٣، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە دەستمان کردووەتەوە بە کاری ھەڵکەندن لە پێش وادەی دیاریکراودا. لە ئەنجامی ئەمەدا ئێستا چاوەڕێ دەکەین لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵدا کۆی بەرھەمی کێڵگەکە بگەیەنینە ٥٥ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە و لە کۆتایی ساڵدا تێکڕای بەرھەم لە سەرووی ڕێژەی دیاریکراو بێت کە ٤٠ بۆ ٤٤ ھەزار بەرمیلە.


کێڵگەی شێخان یەکێکە لە کێڵگەکانی سنووری پارێزگای دھۆک و لە مانگی تەمموزی ٢٠١٣وە دەستکراوە بە بەرھەمھێنان نەوت ‌و تاوەکو ئێستاش ٨٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی لێ بەرھەمھێنراوە، کۆمپانیای گەڵف کیستۆنیش بە نیازە ئاستی بەرھەمھێنان لە کێڵگەکە بگەیەنێتە ١١٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.