تۆخێل لە تیمۆ ڤێرنەر توڕەیە

2021-04-28   |  
یانەی چێڵسی
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز
تۆماس تۆخێلی ڕاھێنەری یانەی چێڵسی ڕایگەیاند ، کە لە تیمۆ ڤێرنەری ھێرشبەری یانەکەی توڕەیە بەھۆی ئەو ھەلە ئاسانەی لە یارییەکەی ڕیاڵ مەدریددا لەدەستیدا .

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا تۆخێل وتی، کە ڤێرنەر لە یاریی پێشوودا بەرامبەر وێستھام ھەلێکی ئاسانی گۆڵ نەکردووە و لەم یارییەشدا ھەمان شتی دوبارە کردووەتەوە ، بەڵام پێویست ناکات زۆر بۆ ئەمە بگرین و نیگەران بین ، چونکە لە جیھاندا ملیۆنان خەڵک ھەیە کە کێشەی زۆر گەورەتریان ھەیە لە لەدەستدانی ھەلی گۆڵکردن و پێویست ناکات زۆر بیری لێ بکەینەوە .


تۆخێل وتیشی ، کە دوای یارییەکە لە ڤێرنەر توڕە بووە و ئەو یاریزانەش لە ئاستی خۆی توڕەیە ، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە لە تۆپی پێدا ئەگەر لە یاریی داھاتوودا گۆڵێک بکات ئەوا ھەموو شتێک لە یاد دەکرێت و ڤێرنەریش یاریزانێکی بەتوانایەو دەیەوێت بە ھەموو شێوەیەک یارمەتی تیپەکەی بدات .
لەبارەی ئاستی تیپەکەشییەوە تۆخێل ڕایگەیاند  ، کە لە نیوەی یەکەمدا زۆر بەبەھێزی یارییان کردووە و بەخت یاوەریان نەبووە بۆ ئەوەی لە پێشەوە بن ، و ھەفتەی داھاتوویش لە بەردەم تەحەدایەکی قورس دا دەبن لە یاریی دووەمدا بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید و پێویستە لە پێناو سەرکەوتندا بجەنگن .